لیوا موحسین رەزایی، ئەندامی کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشداریی دایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سوپاکەی لەوەی کە ئەگەر بچنە ناو جەنگ لەگەڵ ئێراندا، روبەڕووی "رێڕەوێکی تاریکی بێبڕانەوە" دەبنەوە.

لیوا رەزایی رایگەیاند: ئەمڕۆ ترەمپ و سوپای ئەمریکا خۆیان لەناو بنبەستێکی تەواوەتیدا دەبیننەوە، ئەگەر بچنە ناو جەنگەوە، روبەڕووی رێڕەوێکی تاریکی بێبڕانەوە دەبنەوە.. رێڕەوێک کە لە گەروی هورمزەوە دەست پێدەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ کەنداو، دەریای عومان، گەروی بابولمەندەب و زەریای هیندی، ئەمەش جەنگێکی زۆر بەربڵاوی لێ دەکەوێتەوە.

ناوبراو رونکردنەوەی زیاتری دا و وتی: گەروی هورمز بەڕوی بازرگانیی ئازاددا دانەخراوە، بەڵکو بەڕوی هێزە سەربازییەکان و هەڵگیرسێنەرانی جەنگ لە ناوچەکەدا داخراوە، بەڕێوەبردنی ئێستای هێزە دەریاییەکانی سەر بە سوپای پاسداران وایکردووە کە کەشتییەکانی وڵاتە جیاوازەکان دوای ناسینەوە و تۆمارکردنیان، بە سەلامەتی لەم رێڕەوەوە تێپەڕن.