دەزگای دژەتیرۆری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، رایگەیاند کە سێ سەرباز کوژراون و چواری تریش بریندار بوون، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوی پاشماوەکانی چەکدارانی تێرۆریستی داعش لە پارێزگای نەینەوا.

لە راگەیەندراوێکی دەزگاکەدا هاتووە: لە چوارچێوەی هەڵمەتە مەیدانییەکانی پشکنین کە پاڵەوانانی دەزگای دژەتیرۆر لە پارێزگا جیاجیاکانی عیراقدا ئەنجامی دەدەن، گروپێک لە مەفرەزە ئەمنییەکانمان روبەڕووی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بوونەوە کە لە پاشماوەکانی چەکدارانی تێرۆریستی داعش بوو، لە بیابانی حەزەر لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا.

تێیدا ئاماژە بەوەش کراوە: روداوەکە بووە هۆی کوژرانی سێ شەڕکەر و برینداربوونی چوار کەسی تر لە پاڵەوانانی دەزگاکەمان.

راگەیەندراوەکە جەختیشی کردووەتەوە: پاڵەوانانی دەزگای دژەتیرۆر بەردەوام دەبن لە راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانییەکانیان بە هەموو ئازایەتی و پێداگرییەکەوە، جەختیشی کردەوە لەوەی کە: خوێنی پاکی شەهیدان دەبێتە پاڵنەرێک بۆمان بۆ بەردەوامبوون لە راوەدووڕانی پاشماوەکانی تێرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عیراق.