وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستان کۆبوونەوە
محەمەد رزگار
٢٤ی ئایاری ٢٠٢٦
ئەمڕۆ یەکشەممە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەشاری سلێمانی، وەفدێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەسەرپەرشتی محمەد حەکیم، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا بەوردی گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و دیدگا و بەرنامەی سیاسیی بۆ حکومەتی نوێی پێکهێنراوی عیراق کرد.
لەکۆبوونەوەکەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی جەختیان لە لێک نزیکبوونەوەی زیاتری لایەنە سیاسییەکان و یەکڕیزیی نیشتمانی و بەرپرسیارێتیی هەموو لایەنەکانە بۆ خزمەتکردنی باشتر بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردەوە .
لە بەشێکی تری گفتوگۆکاندا، پرسی عیراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو، تیشک خرایە سەر گرنگیی هەماهەنگی نێوان هێزە کوردستانییەکان بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکان، تا لەڕێگەی دیدگایەکی هاوبەش و یەک دەنگییەوە لەبەغداد، داکۆکی لە شایستە دارایی و سیاسییەکانی گەلی کورد بکرێت.



