هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی گەروی هورمز پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە و چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری نوێ بێتە ئاراوە.

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوودا پێشکەوتنی بەرچاو لەسەر ئەو هێڵە گشتییانە بەدیهاتووە کە دەکرێت قەیرانی گەروی هورمز چارەسەر بکات، ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەگەری هەیە ئەمڕۆ یەکشەممە هەواڵی "باش" لەوبارەیەوە رابگەیەندرێت.

رۆبیۆ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: "پێموایە ئەمڕۆ زانیاری زیاتر لەبارەی دۆخی ئێرانەوە بڵاودەکرێتەوە و لە چەند سەعاتی داهاتوودا ئەگەری بیستنی هەواڵی خۆش سەبارەت بە گەروی هورمز هەیە".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند، واشنتن بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ئێران کۆنترۆڵی گەروی هورمز بکات، هەروەها دووپاتیکردەوە کە ئەمریکا رێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و لە ئێستادا گفتوگۆی تەکنیکی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بەڕێوەدەچێت.

سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی ئێران، رۆبیۆ ئاماژەی بەوەکرد،  ئابوریی ئێران بەتەواوی داڕماوە، بەڵام بە وتەی ئەو، تاران سەرچاوە داراییەکانی بۆ گەشەپێدانی ئابوری بەکارناهێنێت، بەڵکو تەرخانی دەکات بۆ "تیرۆر" لە جیهاندا و بە گەورەترین وڵاتی سپۆنسەری تیرۆری ناوبرد.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی توندی ئاراستەی توانا سەربازییەکانی ئێران کرد و ئەوەی خستەروو: "توانای ئێران بۆ دروستکردنی موشەکی نوێ لەناو دەبەین، هەروەها توانای موشەکی و دەریایی ئێران لەناو دەبەین". رۆبیۆ لە لێدوانەکەیدا جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا "هێزی دەریایی ئێران لە بنی دەریاکاندایە".