بەهۆی کاریگەری بارستە هەوایەکی جیاواز لەسەر ناوچەکە، لە 48 سەعاتی داهاتوودا کەشناسی هەرێم پێشبینی بارانبارین و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە چەند ناوچەیەکی جیاواز دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ، ئیدارەی سۆران و ئیدارەی راپەڕین، بارانبارین و هەورەبرووسکە روبدات.

هاوکات بەهۆی زیادبوونی خێرایی با بۆ سەرووی 25 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، ئەگەری بەرزبوونەوەی خۆڵبارین لە ناوچە دەشتاییەکانی باشووری پارێزگای هەولێر، بەشێک لە ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک هەیە.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە، کەشناسی پێشبینی دەکات ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور بێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیشدا نیمچە هەور دەبێت، هەروەها بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی فێنک بۆ ناوچەکە، پلەکانی گەرما لە سەرانسەری هەرێم دوو بۆ چوار پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.