واشنتۆن و تاران بە نێوەندگیری پاكستان و قەتەر لە ئیمزاكردنی یاداشتێكی 14 بەندی بۆ راگرتنی جەنگ نزیكبوونەتەوە و پێشبینی دەكرێت لە سەعاتەكانی داهاتوودا رێككەوتنەكە رابگەیەنرێت.

بەپێی راپۆرتەكان، یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی14 خاڵی بۆ رێككەوتن ئامادەكراوە بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە جەنگ بۆ ماوەی 30 تا 60 رۆژ.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، گرنگترین خاڵەكان بریتین لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی جەنگ و كەمكردنەوەی گەمارۆكانی سەر بەندەرەكانی ئێران و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی تاران لە دەرەوە، لەگەڵ كردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی گەروی هورمز، هەروەها پابەندبوون بە گفتوگۆكان لەسەر پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەڵام پرسی ئەتۆمی بەهۆی ئاڵۆزییەكەیەوە بۆ دوای 30 رۆژ لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دواخراوە.

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت لە 24 بۆ 48 سەعاتی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی بدرێت، ترەمپیش ئاشكرای كرد كە رەشنووسەكەی پێگەیشتووە.