لە رێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە؛ قەتەر و ئەمریکا هەوڵ بۆ ئاشتی ناوچەکە دەدەن
محەمەد رزگار
٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦
لە درێژەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامدا و تێیدا تاوتوێی پشتیوانیکردن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان بۆ ئاشتییان کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی دیوانی ئەمیری قەتەر، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، میری قەتەر و سەرۆکی ئەمریکا باسیان لە گرنگیی بەهێزکردنی ئەو هەوڵانە کرد کە پاکستان بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە و خاوکردنەوەی گرژییەکان دەستی پێکردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، گفتوگۆکان تەوەرێکی گرنگیان بۆ پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی و رێڕەوە ستراتیژییەکان تەرخان کرد، بەتایبەت بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی دابینکردنی وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
ئاماژەی بەوەشکرد، میری قەتەر جەختی لە هەڵوێستی جێگیری قەتەر کردەوە کە بریتییە لە پێشخستنی چارەسەری ئاشتییانە و پشتیوانیکردن لە هەر دەسپێشخەرییەک کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە بێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە.
ئەم جوڵە دیپلۆماسییەی قەتەر لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە رەوشێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هەموو لایەک چاویان لەوەیە ئایا هەوڵەکانی نێوەندگیری دەتوانن رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێ سەربازییەکان بکەن یان نا.



