دەستەی راگەیاندنی عیراق دەستبەسەر سامانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمدا دەگرێت
٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق دەستبەسەر سامانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمدا دەگرێت و داواش لە بانكەكان دەكات شایستە داراییەكانی ئەو كۆمپانیایە لە سێ ساڵی رابردوودا بگەڕێنەوە.
بەلیغ ئەبوکلەل سەرۆكی دەزگای جێبەجێكاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق لە چاوپێككەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، دەستەكەیان هیچ بڕە پارەیەك یاخود قەرزێكی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمی لە ئەستۆ نییە، وتیشی، دۆسێی پاكتاوی كۆمپانیای كۆڕەك بە ئاگاداری دەستەی دەسپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی و ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی ئەنجامدراوە.
دەشڵێت، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق دەستیبەسەر سامانی كۆمپانیای كۆڕەكدا گرتووە و پەیوەندی بە بانكە عیراقییەكانیشەوە كراوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو شایستە داراییانەی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بە ناوی ئەو كۆمپانیایەوە تۆماركراون، راشیگەیاند، كۆمپانیای كۆڕەك لە ئێستادا خاوەنی ئەو سەرمایە نییە كە ئەو بڕەی لێی داواكراوە بیداتەوە.



