ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی مەزن" چۆن بوو بە قەیرانێکی درێژخایەن بۆ ترەمپ؟
محەمەد رزگار
٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦
سێ مانگ دوای دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی پرسیارێکی گەورە بووەتەوە: ئایا ئەو جەنگەکەی دۆڕاندووە؟
ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایانکردووە، هەرچەندە واشنتۆن لە زۆربەی پێکدادانە سەربازییەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام رەوشەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە شکستی ستراتیژی نزیکە، لە کاتێکدا ئێران هێشتا کۆنترۆڵی گەروی هورمزی لەدەستدایە و ئامادە نییە هیچ سازشێکی ئەتۆمی بکات، گومانەکان لەسەر توانای ترەمپ بۆ گۆڕینی سەرکەوتنە تاکتیکییەکان بۆ دەستکەوتی جیۆپۆلیتیکی زیاتر دەبن، لێدوانە رەسمییەکانی کۆشکی سپی باس لە سەرکەوتن دەکەن، بەڵام لە راستیدا واشنتۆن لە نێوان دیپلۆماسییەکی نادیار و هەڕەشەی بەردەوامدا گیری خواردووە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، تاران توانیویەتی فشار بخاتە سەر رێڕەوی گواستنەوەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و غازی جیهان، ئەمەش وەک کارتێکی بەهێز لە دژی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بەکاردەهێنێت، هەرچەندە لە سەرەتای جەنگەکەدا لە 28ـی شوبات، شەپۆلەکانی هێرشی ئاسمانی کۆگاکانی موشەکی بالیستی و بەشێکی زۆری هێزی دەریایی ئێرانیان تێکشکاند، بەڵام رژێمی تاران هێشتا بەپێی پلانەکانی خۆی دەجوڵێتەوە، لێپرسراوانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن، تاران بە داخستنی گەووی هورمز نرخەکانی وزەی بەرزکردووەتەوە و ئەمەش زیانی گەورەی بە ئابوری جیهانی گەیاندووە، لە کاتێکدا ترەمپ بەڵێنی دابوو رێگری لە هەر هەڕەشەیەک بکات.
لە ناوخۆی ئەمریکادا، ترەمپ لە ژێر فشارێکی زۆردایە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و دابەزینی ئاستی جەماوەریی بەرلە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول. ئێستا کە شەش هەفتە بەسەر راگەیاندنی ئاگربەستدا تێپەڕیوە، ترەمپ لە نێوان دوو بژاردەی سەختدایە؛ قبوڵکردنی رێککەوتنێکی پڕ لە کەمکوڕی یان هەڵکشانی سەربازیی تر کە رەنگە قەیرانەکە درێژخایەنتر بکات، هەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە ترەمپ بۆ شاردنەوەی ئەم شکستانە، رەنگە سەرنجەکان بەرەو کوبا رابکێشێت بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی ئاسانتر بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەمەش مەترسی گەورەی تێدایە و رەنگە هەڵەیەکی تری ستراتیژی بێت.
ئامانجە سەرەکییەکانی ترەمپ کە بریتی بوون لە بێبەشکردنی ئێران لە چەکی ئەتۆمی و بڕینی کەمکردنەوەی هەژمونی ئێران لە ناوچەکە، هێشتا بەدی نەهاتوون، بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، کۆگایەکی گەورەی یۆرانیۆمی پیتێنراو هێشتا لە ژێر زەویدا پارێزراوە، سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوو، ئێران نەک هەر پاشەکشەی نەکردووە، بەڵکو رابەری باڵای ئەو وڵاتە رێگری کردووە لە ناردنە دەرەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، ئەم رەوشە وایکردووە وڵاتانی وەک چین و روسیا سود لە کەمکوڕییە تاکتیکییەکانی سوپای ئەمریکا وەربگرن و پێگەی واشنتۆن لە ناوچەکەدا لاوازتر ببێت.
لە کۆتاییدا، زۆرێک لە چاودێران جەنگەکە بە کش و مات بۆ ترەمپ وەسف دەکەن، رۆبەرت کاگان، لێکۆڵەری ناودار پێی وایە ئەم ئەنجامە شکستێکی مێژووییە کە تەنانەت لە کشانەوەکانی ڤێتنام و ئەفغانستانیش خراپترە، چونکە ئەمجارە لە دڵی ناوچەیەکی ستراتیژیی جیهانیدا رویداوە، هیچ رێگەیەک بۆ گەڕانەوە بۆ رەوشی پێشوو نەماوە و هیچ سەرکەوتنێکی ئەمریکی ناتوانێت ئەو زیانە گەورانە قەرەبوو بکاتەوە کە بە واشنتۆن گەیشتووە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیش ئامادە نین هاوکاری ترەمپ بکەن لە جەنگێکدا کە بێ پرسی ئەوان دەستی پێکردووە.



