وەزارەتی بەرگری ئێران، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند کە پابەندنەبوونی دوژمن بە داواکارییەکانی گەلی ئێرانەوە، زیانی گەورەتر بە دۆناڵد ترەمپ و ئیسرائیل دەگەیەنێت و جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانەش تاکە رێگایە بۆ چوونەدەرەوە لە شەڕ.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران، عەمید رەزا تەڵایی، بە ئاماژەدان بە تێوەگلانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە شەڕ لەگەڵ ئێراندا، رایگەیاند: ترەمپ هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نییە جگە لە قبوڵکردنی داواکارییەکانی گەلی ئێران و داننان بە مافەکانی وڵاتەکەماندا.

ئاژانسی هەواڵی "مێهر" لە زاری عەمید رەزا تەڵاییەوە بڵاویکردەوە: چ لە گۆڕەپانەکانی جەنگ و چ لە دیپلۆماسیدا، دابینکردنی داواکارییەکانی گەلی ئێران تاکە رێگایە بۆ چوونەدەرەوە لەو سێیەمین شەڕەی کە بەسەر دوژمنی ئەمریکی-ئیسرائیلدا سەپێنراوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان وتیشی: پابەندنەبوونی دوژمن بە داواکارییە رەواکانی گەلی ئێرانەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی ترەمپ و ئیسرائیل زیانی گەورەتر و شکستە یەک لەدوای یەکەکانی داهاتوو بچێژن.

هەروەها جەختی کردەوە: ترەمپ دەبێت لەگەڵ قبوڵکردنی پێشنیازەکانی ئێراندا، بیر لە رێگریکردن لە زیان و تێچووی زیاتری بەردەوامیی شەڕەکە بۆ سەر گەلی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودوڵەتی بکاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە:  پشتگوێخستنی ترەمپ و بێباکیی ئەو بەرانبەر بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا، و پابەندبوونی بە ئیسرائیل و رەفتارە لوتبەرزانەکەی، دەبێتە هۆی نقومبوونی زیاتری ئەمریکا لە زۆنگاوی شەڕدا.