زیاتر لە 50 کرێکار لە روداوێکی تەقینەوەی کانێکی خەڵوز لە چین گیانیان لەدەستدا
محەمەد رزگار
٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦
بەپێی نوێترین ئامارەکان، بەهۆی تەقینەوەیەک لە کانێکی خەڵوز لە هەرێمی شانسی لە باکوری چین، زیاتر لە 50 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
روداوەکە شەوی هەینی لە کانێکی خەڵوز بە ناوی "لیوشین یو" لە ناوچەی "چین یوان" رویداوە، لەو کاتەشدا 247 کرێکار لەژێر زەویدا سەرقاڵی کارکردن بوون.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رەسمی چین (شینخوا)، دوای روداوەکە سەرۆکی چین "شی جینپینگ" فەرمانی بە دەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان و فریاکەوتنی برینداران، هەروەها جەختی لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و سزادانی توندی سەرپێچیکاران کردووەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، تەقینەوەکە دوێنێ رویداوە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 201 کرێکار بە سەلامەتی ڕزگار کراون، بەڵام بەهۆی سەختی روداوەکە، ئاماری قوربانیان بۆ زیاتر لە 50 کەس بەرز بووەتەوە، ئێستاش تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان و لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی تەقینەوەکە.



