بە مەبەستی پاراستنی سامانی ئاژەڵ و رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان، عیراق گواستنەوەی ئاژەڵی زیندووی لە سوریاوە بەرەو عیراق و وڵاتانی كەنداو قەدەغە كرد.

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاندووە، بڕیاریان داوە بە راگرتنی كاتیی جوڵەی ترانزێتی ئاژەڵی زیندوو كە لە خاكی سوریاوە بەرەو عیراق و وڵاتانی تری كەنداو دێن، ئەمەش وەك هەنگاوێكی پێشوەختە بۆ رێگری لە هەر مەترسییەك.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەش كرد ئەم هەنگاوە دوای گەیشتنی زانیاری ورد دێت سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تەبەق لەناو مانگا و مەڕوماڵاتی سوریا.
هەروەها جەختی كردەوە كە رێكارە تەندروستییەكان بەبێ جیاوازی بەسەر هەموو وڵاتاندا جێبەجێ دەكرێن بۆ رێگری لە گواستنەوەی پەتا سنووربەزێنەكان.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتە بۆ پاراستنی رەوش و ئاسایشی خۆراك و رێگری لە زیانگەیاندن بە سامانی ئاژەڵی ناوخۆیی و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكان.