ئیمارات داوای ئازادكردنی نزیكەی 20 هەزار دەریاوان دەكات لە گەروی هورمز
یەحیا
٢٢ی ئایاری ٢٠٢٦
ئیمارات لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، داوای ئازادكردنی نزیكەی 20 هەزار دەریاوانی كرد كە بەهۆی هێرشەكانی ئێرانەوە لە گەروی هورمز گیریان خواردووە و ژیانیان لە مەترسیدایە.
غەسەق شاهین، جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئیمارات لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، جەنگی ئێران كە لە 28ی شوباتەوە دەستی پێكردووە، بە ئەنقەست بنكە مەدەنییەكان، بەندەرەكان، فڕۆكەخانەكان و تۆڕەكانی وزە و خۆراكی ئیمارات كراونەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم هێرشانە پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسای نێودەوڵەتین، ئاسایشی ئابووری جیهانی دەخەنە مەترسییەوە و رێگرن لە گەیشتنی هاوكارییە مرۆییەكان.
هەروەها جەختیشی لە گرنگی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش كردەوە بۆ پاراستنی مەدەنییەكان و ئازادی گەشتوگوزاری دەریایی.
شاهین پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ پڕۆژە بڕیاری بەحرەین_ ئەمریكی دەربڕی كە لەلایەن 138 دەوڵەتەوە پاڵپشتی دەكرێت، وەك پەیامێكی ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی دژی ڕەفتارە شەڕانگێزییەكانی ئێران.



