رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی، بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڵاویکردوەتەوە، کە سوپای ئەمریکا بەشێکی زۆر لە کۆگاکانی موشەکی پێشکەوتووی دژەفڕینی خۆی لە میانی بەرگریکردن لە ئیسرائیل بەرانبەر هێرشەکانی ئێران بەکارهێناوە. 

بەپێی راپۆرتەکە، قەبارەی ئەو چەکانەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەکارهێنراون، بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر بووە لەوەی کە خودی سوپای ئیسرائیل بەکاریهێناوە بۆ پاراستنی وڵاتەکەی.

واشنتۆن پۆست لە زاری، سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکیەوە، کە ویستیان بووە  ناویان ئاشکرا نەکرێت، بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، واشنتن لە میانی ئۆپراسیۆنێکدا بە ناوی "توڕەیی داستان ئاسا"، بەشێکی سەرەکیی ڕوبەڕوبونەوەی هێرشە موشەکییە بالیستییەکانی ئێرانی لەئەستۆ گرتووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم ناهاوسەنگییە لە بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنیدا، بووەتە هۆی دروستبوونی ئاڵنگاری و پرسیاری جدی لەسەر ئاستی ئامادەیی سەربازیی سوپای ئەمریکا و پابەندبوونی ئەمنیی ئەو وڵاتە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسانە، سوپای ئەمریکا لە کاتی ئەو پێکدادانانەدا، زیاتر لە 200 موشەکی تێکشکێنەری سیستمی پێشکەوتووی "تاد" (THAAD)ی بەکارهێناوە، کە ئەم بڕەش نزیکەی نیوەی تەواوی کۆگاکانی پمتاگۆنە لەم جۆرە موشەکە پێکدەهێنێت.

 جیا لەوەش، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا زیاتر لە 100 موشەکی تێکشکێنەریان لە جۆرەکانی "Standard-3" و "Standard-6" بەکارهێناوە.

لە بەرانبەردا وەک بەراوردکارییەک، سوپای ئیسرائیل لەم ماوەیەدا کەمتر لە 100 موشەکی تێکشکێنەری سیستمی "پیکان" (Arrow) و نزیکەی 90 موشەکی سیستمی "قەڵغانی داوود"ی بەکارهێناوە، کە تەنانەت بەشێک لەوانەش نەک بۆ موشەکەکانی ئێران، بەڵکو بۆ روبەڕووبوونەوەی موشەکە سادەکانی ئەو گرووپانە بووە کە لە یەمەن و لوبنانەوە هێرشیان کردووە.