لە روداوێکی دەگمەندا، وەک کاردانەوەیەک بۆ وەڵامی سەرۆکی دادگای باڵای هیندستان، گەنجانی ئەو وڵاتە حزبێکی نوێیان دروست کردوە بە ناوی حزبی قاڵۆنچەکان و مەرجی بون بە ئەندامیش بێ کاریی و بۆڵەبۆڵکردنی زۆرە.

 دوای ئەوەی سوریا کانت، سەرۆکی دادگای باڵای هیندستان، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشێک لە گەنجانی بێکاری  وەک "قالۆنچە" وەسفکرد، شەپۆلێکی بەرفراوان لە تووڕەیی و تەنز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەریهەڵدا، کە دواتر بوو بە هۆی دروستبوونی  گروپێکی ئۆنلاینی کۆمیدی بە ناوی "حزبی گەلی قالۆنچەکان".

هەرچەندە سەرۆکی دادگای هیندستان دواتر رونکردنەوەی دا، کە مەبەستی گەنجان بە گشتی نەبووە، بەڵکو ئەو کەسانە بووە کە بڕوانامەی ساختەیان هەیە، بەڵام بە هاشتاکی "#منیش_قالۆنچەم"، بیرۆکەی  حزبە تەنزاوییەکە لەلایەن خوێندکارێک بە ناوی (ئابهیجێت دیپکە) وەک گاڵتەجارییەک خرایەڕوو.

حزبی گەلی قالۆنچەکان بە خێرایی لە سنوری چاوەڕوانییەکان لایدا و دەیان هەزار گەنج لە رێگەی فۆرمی گووگڵەوە ناوی خۆیان تێدا تۆمار کرد؛ مەرجەکانی ئەندامبوونیشی بریتی بوون لە "بێکاری، تەمەڵی، ئامادەیی بەردەوام لە ئینتەرنێت و توانای بۆڵەبۆڵکردنی پیشەیی".

ئەوەی جێی سەرنجە حزبەکە تەنها لە پشت شاشەکان نەمایەوە، بەڵکو گەنجان بە پۆشینی جلی قالۆنچەوە لە کەمپینەکانی پاککردنەوەی شار و خۆپیشاندانەکاندا دەرکەوتن.

لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنیش پشتگیرییان لێکرد، تا کار گەیشتە ئەوەی لاپەڕەی فەرمیی حزبەکە لە ئینستاگرام 10 ملیۆن فۆڵۆوەر تێپەڕێنێت، کە ئەمەش زیاترە لە ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی حزبی فەرمانڕەوای هیندستان (بهاراتیا جاناتا) بە سەرۆکایەتی نارێندرا مۆدی م کە خاوەنی 8.7ملیۆن فۆڵۆوەرزە.