باڵوێزی ئێران لە پاكستان: 20 دەریاوانی ئێرانی كە لەلایەن ئەمریكاوە دەستبەسەركرابوون ئازادكران
سەعید
٢١ی ئایاری ٢٠٢٦
20 دەریاوانی ئێرانی كە لەلایەن ئەمریكاوە دەستبەسەربوون بە هاوكاریی پاكستان گەڕێنرانەوە وڵاتی خۆیان.
رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵوێزی ئێران لە پاكستان رایگەیاند، ئەو كەشتییەی چەند هەفتەیەك لەمەوبەر لە ئاوەكانی سەنگافورە لە ئۆپەراسیۆنێكی ئەمریكادا دەستی بەسەردا گیرا و بەهۆیەوە 20 دەریاوانی ئێرانی لە رەوشێكی نەگونجاودا بوون، توانرا ئەمڕۆ بە هاوكاریی پاكستان رزگابكرێن.
باڵوێزی ئێران وتیشی، سوپاسی هەوڵە مرۆیی و خێرخوازییەكانی حكومەتی پاكستان دەكات بۆ بەدواداچوون و ئازادكردنی ئەو دەریاوانانە.
ئاماژەی بەوە كرد، دەریاوانەكان دوای هەوڵە دیپلۆماسییەكان، لە سەنگافورەوە گواستراونەتەوە بۆ ئیسلامئابادی پایتەختی پاكستان و لەوێشەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئێران.



