مەسعود پزیشکیان: حکومەت بە تەواوی توانایەوە پاڵپشتی لە هێزی بەرگریی ئێران دەکات
بڵند
٢١ی ئایاری ٢٠٢٦
سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستێکی لاواز لە ناوچەکە بەردەوامە و دۆناڵد ترەمپیش زوو زوو هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی دەکات ئەگەر تاران بە رێککەوتن رازینەبێت، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەمیر حاتمی، فەرماندەی گشتیی سوپا، جەختی لەسەر پشتگیریی تەواوی حکومەتەکەی بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی بەرگریی وڵات کردەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی ئیسنای ئێران، پزیشکیان ستایشی فەرماندەی گشتی سوپای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و رۆڵی هێزە چەکدارەکانی لە هەلومەرجی ئێستای جەنگی تێکەڵاودا یەکلاکەرەوە بووە.
سەرۆک کۆماری ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت بە تەواوی توانایەوە لە پاڵ هێزە چەکدارەکاندایە و پشتگیری لە بەرنامەکانی نوێکردنەوەی کەرەستەکان، پشتیوانی لۆجیستی و زیادکردنی توانای رێگری دەکات.
ئاژانسی ئێسنا، ئاماژەی بەوەشکردوە، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران راپۆرتێکی لەسەر رەوشی مەیدانی و ئۆپراسیۆنیی هێزەکان پێشکەش بە سەرۆک کۆمار کردوە، و پرۆسەی ئامادەکاریی دووبارە، بوژانەوە و بەرزکردنەوەی توانای شەڕکەری یەکەکان لە ماوەی ئاگربەستدا روون کردەوە.
فەرماندەی گشتیی سوپا بە پشتبەستن بە ئەزموونە مەیدانییەکانی ئەم دواییانە جەختی لەوە کردەوە، کە سوپا لەڕێگەی نوێکردنەوەی تواناکانییەوە، لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ ئەوەی وڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە بداتەوە بە هەر جۆرە هێرشێک، کە بکرێتە سەر وڵاتەکەی.



