ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، رۆژی پێنجشەممە یاسایەکی دەرکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەیاساییکردنی پێگەی کۆچبەران لە روسیا لە رێگەی هاوسەرگیریی ساختەوە.

بەپێی ئەو مەرسوومەی لە ماڵپەڕی رەسمی بەڵگەنامە یاساییەکانی روسیادا بڵاوکراوەتەوە، هاووڵاتییانی بیانی تەنیا دوای 3 ساڵ لە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ هاووڵاتییەکی روسیدا (ژن یاخود پیاو) و نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لەو وڵاتەدا، دەتوانن بەپێی رێکارێکی ئاسانکراو داوای مۆڵەتی نیشتەجێبوون بکەن.

مەرجی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی ئەم مۆڵەتە، هەبوونی منداڵێکی هاوبەشە کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە روسیا بژی و رەگەزنامەی روسیی هەبێت.
هەروەها دەبێت باوانەکەی تریش (هاوسەرە روسییەکە) پاسپۆرتی روسیی هەبێت.

جگە لەوەش، پێش پێشکەشکردنی داواکارییەکە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون، دەبێت لە رێگەی دادگاوە ئەوە بسەلمێنرێت کە داواکارەکە لانی کەم بۆ ماوەی 3 ساڵ لەگەڵ منداڵەکەدا ژیاوە.

هاوکات، مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتی یان مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هەڵدەوەشێنرێتەوە ئەگەر دادگا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرپەرشتیاریی منداڵەکە (هەڵگرتنەوەی منداڵ)، یان تۆماری سەلماندنی باوکایەتی، یاخود پووچەڵکردنەوەی ئەو هاوسەرگیرییە بدات کە ببووە بنەما بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەکان.

لەلایەکی دیکەوە، ڤیاچیسلاف ڤۆلۆدین، سەرۆکی ئەنجومەنی دۆمای روسیا رایگەیاند کە دوای توندکردنەوەی ئەم مەرجانە، ئەنجامدانی هاوسەرگیریی ساختە بۆ بەدەستهێنانی خێرای مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتی، ئیتر هیچ سوودێکی نابێت.