سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە ئەنجامدانی قوربانی لە شەقام، گەڕەک و ناو ماڵاندا قەدەغەیە و پێویستە پرۆسەکە تەنها لە کوشتارگە رەسمییەکاندا ئەنجام بدرێت.

شارەوانی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کاری ئاژەڵداریش تەنها لە مەیدانی تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان رێگەپێدراوە و هەر سەرپێچییەک لەو رێنماییانە، خاوەنەکەی رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و مامۆستایانی ئاینی دەکەن، بەشداری هەڵمەتێکی هۆشیاری بن بۆ ئەوەی خێرەومەندان پابەندبن بە رێنماییەکانی شارەوانی، قایمقامییەتی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانیان لە کوشتارگەکاندا ئامادە بکەن.

شارەوانی سلێمانی هۆشداریش دەدات لەوەی، ئەنجامدانی قوربانی لە دەرەوەی کوشتارگەکان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، پیسکردنی ژینگە و شێواندنی سیمای شەقامەکان، بۆ ئەم مەبەستەش تیمەکانی خزمەتگوزاری و زیادەڕەویی بە هاوکاری لیژنە هاوبەشەکان، لە رۆژانی جەژندا لە ئەرکدا دەبن بۆ پاراستنی خاوێنی و تەندروستی گشتی.