رۆیتەرز: بە بڕیاری رێبەری باڵای ئێران یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە لە ناو خاکی ئێران دەمێنێتەوە
محەمەد رزگار
٢١ی ئایاری ٢٠٢٦
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ توندکردنی هەڵوێستەکانی تاران لەبەرانبەر داواکارییەکانی ئەمریکا، بڕیار درا بە هێشتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەناو خاکەکەی و رێگری کردن لە گواستنەوەی بۆ دەرەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی باڵای ئێرانییەوە رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵای ئێران بڕیاری دەرکردووە کە نابێت ئەو یۆرانیۆمەی بە رێژەیەکی بەرز پیتێنراوە رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت، ئەم بڕیارە رەوشی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن ئاڵۆزتر دەکات و هەڵوێستی ئێران لە بەرانبەر داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا توندتر دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، مـوجتەبا خـامنەیی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی بۆ دەرەوەی ئـێران قەدەغەکرد
لە لایەکی ترەوە، لێپرسراوانی ئیسرائیل ئاشکرایانکردووە، دۆناڵد ترەمپ دڵنیایی پێداون ناردنە دەرەوەی یۆرانیۆم مەرجی سەرەکی هەر رێککەوتنێکە. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە بۆ رێگریکردنە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە و پێویستە کۆگاکان بۆ دەرەوەی وڵات بگوازرێنەوە.
چاودێران پێیان وایە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی زیاتربوونی فشارەکان لەسەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا و رەوتی گفتوگۆکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا بەرەو بنبەست دەبات.



