كۆمەڵێك لە چالاكوان، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی كورد لە كەنەدا، كەمپینێكی بەرفراوانیان بۆ پشتگیریكردن لە ئازادیی رۆژنامەگەری و ئازادكردنی بێ مەرجی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی راگەیاند. 

لە چوارچێوەی یەكەمین چالاكیی كەمپینەكەدا، ئیمزای زیاتر لە 100 كەسایەتیی دیاری سەرجەم پارچەكانی كوردستان كۆكرایەوە و نامەیەكی رەسمی بە زمانی ئینگلیزی ئاراستەی سەرۆك وەزیران، وەزیری دەرەوە، پەرلەمانتاران و رێكخراوە مەدەنییەكانی كەنەدا كراو تێیدا داواكرا فشاری جددی بخەنە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆتاییهێنان بە دەستبەسەركردنی شێروانی كە بە تۆمەتی ناڕاست زیندانی كراوە.

نوێنەرانی كەمپینەكە رایانگەیاند، لە رێگەی لێدوان بۆ میدیا كەنەدییەكان و كۆكردنەوەی پشتگیریی ئۆنلاین، بەردەوام دەبن لە چالاكییەكانیان بۆ داكۆكیكردن لە ئازادیی رادەربڕین و بەدیهێنانی دادپەروەری لە هەرێمی كوردستان.