ئێران تاوتوێی وەڵامێكی ئەمریكا دەكات و ترەمپیش دەڵێت؛ دانوستانەكان  گەیشتوەتە خاڵێكی یەكلاكەرەوە.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، خەریكی تاوتوێكردنی وەڵامێكی واشنتۆنن لە چوارچێوەی هەوڵە نێوەندگیرییەكانی پاكستان بۆ كۆتایهێنان بە ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە ئەمە هاوكاتە لەگەڵ پێشوازیكردنی رۆژی چوارشەممە لە موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاكستان بۆ دووەمین جار لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا، راشیگەیاند، ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی پاكستان بۆ ئاسانكارییە لە گۆڕینەوەی پەیامەكان لەگەڵ ئەمریكا

لەلایەكی دیكەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دا لەوەی كە بارودۆخی نێوان وڵاتەكەی و ئێران گەیشتووەتە خاڵێكی یەكلاكەرەوە، و جەختیشی كردەوە، هەمووان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ جووڵە، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ نزیكبوونەوەی بڕیاردان لەسەر هێرشی سەربازی.

بەڵام ترەمپ لە هەمان كاتدا ئاماژەی بەوەش كرد، رەنگە چەند رۆژێك چاوەڕوان بكات بۆ بەدەستهێنانی ئەو وەڵامە راستانەی كە لە ئێرانی دەوێت، و هۆشداریشیدا كە بارودۆخەكە رەنگە زۆر بە خێرایی پەرەبسێنێت و تێكبچێت.