چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا تاوتوێی رەوشی سیاسی و پێشهاتەکانی قۆناغی داهاتووی عیراقی کرد و جەختی لە یەکڕیزی و بەردەوامی کاری هاوبەش کردەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگی کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عیراق بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی پیرۆزبایی متمانە وەرگرتنیان لە پەرلەمان پێشکەشی سەرۆک وەزیران کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لە ئەرکە نیشتمانییەکانیاندا.

هەروەها، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ستایشی هەوڵەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو-یان کرد لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا، بەتایبەت ئەو هەنگاوانەی لە بواری خزمەتگوزاری و جێبەجێکردندا ناوی و لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییان لێکرا.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەت، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریدا دوای پشووی جەژن، لەسەر بنەمای تێگەیشتنی نیشتمانی و بەپێی رێکارە دەستورییەکان، دەست بە تەواوکردنی کابینەی حکومەت بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا و لەسەر ئاستی ئەمنی و هەرێمی، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لە رەتکردنەوەی هەر دەستدرێژییەک کردەوە کە ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ یان وڵاتانی عەرەبی بکرێت و پێویستی رێزگرتن لە سەروەری وڵاتانی دووپاتکردەوە. هاوکات داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەکان تەواو بکەن و رێکاری پێویست بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی عیراق بگرنەبەر.