وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تیمە تەکنیکییەکانیان دەستیان بە رێکارەکانی ناردنی داتاکانی موچە بۆ بەغداد کردووە.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی، ئێوارەی ئەمڕۆ لیستی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ راپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگی نیسان، ئامادەکراون و رەوانەی بەغداد دەکرێن، بڕیاریشە سبەینێ پێنجشەممە بە رەسمی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێن.

سەبارەت بە داهاتی نانەوتی مانگی ئایار، وەزارەتی دارایی روونی کردەوە، دیاریکردنی ئەو داهاتە و پشکی بەغداد لە رووی ژمێریارییەوە پەیوەستە بە کۆکردنەوەی داتاکان لە یەکە ژمێریارییەکانەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، بەهۆی ئەوەی هێشتا مانگی ئایار کۆتایی نەهاتووە و سەرجەم داتاکان لە یەکە ژمێریارییەکانەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری نەگەڕاوەتەوە، لە ئێستادا بەدیار ناکەوێت داهاتی نانەوتی مانگی ئایار چەندە و پشکی حکومەتی فیدراڵ چەند دەبێت.