وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە بەکارهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نوێ لە دەرەوەی وڵات، رونکردنەوەیەکی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مۆڵەتە نوێیەکە بەپێی ستانداردی جیهانی دروستکراوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ئەو هاووڵاتییانەی هەڵگری مۆڵەتی شۆفێری نوێی هەرێمن، دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن و بەبێ پێویستبوون بە گۆڕینی مۆڵەتەکەیان بۆ مۆڵەتی نێودەوڵەتی، شوفێری بکەن.

لەبارەی ئەوانەش کە دەیانەوێت ئۆتۆمبێل بە کرێ بگرن، وەزارەتی ناوخۆ روونیکردووەتەوە، "ئەو هاووڵاتییانەی بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت ناکەن و دەیانەوێت لەو وڵاتەی سەردانیان کردووە ئۆتۆمبێل بە کرێ بگرن، پێویستە مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی دەربهێنن."

وەزارەتی ناوخۆ جەختیکردووەتەوە، مۆڵەتی نوێی شۆفێری هەرێم لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا پەسندکراوە و ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی ئاسانکارییەکانە بۆ هاووڵاتییان.