دیوانییە.. دەست بەسەر باڵۆنێکدا گیرا کە120هەزار حەبی هۆشبەری هەڵگرتبوو
سەوسەن سەید
٢٠ی ئایاری ٢٠٢٦
پۆلیسی پارێزگای دیوانییە، ئەمرۆ چوارشەممە، پوچەڵکردنەوەی مەترسیدارترین پرۆسەی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەری راگەیاند کە لە رێگەی باڵۆنێکی فڕیوەوە ئەنجامدرابوو.
لیوا نەجاح مەحموود سوڵتان، فەرماندەی پۆلیسی دیوانییە لە لێدوانێکدا رایگەیاند: پۆلیسی دیوانییە بە هاوکاریی مەفرەزەکانی هەواڵگری و بەشی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، توانییان پرۆسەیەکی قاچاخچێتیی جۆریی ماددەی هۆشبەر پووچەڵ بکەنەوە، کە ئەمە یەکەمین جارە لەسەر ئاستی پارێزگای دیوانییە روبدات و تێیدا باڵۆنێکی فڕیو بەکارهێنرابوو.
فەرماندەی پۆلیس رونی کردەوە، هێزە تایبەتەکان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ تەنێکی نامۆ کردووە و توانیویانە بە سەرکەوتوویی بیهێننە خوارەوە ، ئاماژەی بەوەش کرد کە: باڵۆنەکە بڕێکی زۆر حەبی هۆشبەری تێدابووە کە بە120.000 حەب مەزەندە دەکرێت (هاوتای 28 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر)، لەگەڵ کۆمەڵێک ئامێری دیاریکردنی شوێن (GPS) کە بۆ پرۆسەی قاچاخچێتییەکە ئامادەکرابوون."



