بۆ یەکەمجار لە دوای 33 ساڵ خۆر لە رۆژی عەرەفەدا رێک دەکەوێتە سەر کەعبەی پیرۆز
سەوسەن سەید
٢٠ی ئایاری ٢٠٢٦
شارەزایانی بواری فەلەکناسی ئاشکرایان کرد کە ئەمساڵ دیاردەیەکی فەلەکیی دەگمەن رودەدات کە ماوەی 33 ساڵە نەبینراوە، ئەویش هاوکاتبوونی رێککەوتنی ستوونی خۆرە بەسەر کەعبەی پیرۆزدا لەگەڵ رۆژی عەرەفە (9ی ذي الحجة)، کە بەهۆیەوە لە کاتی نیوەڕۆدا سێبەری کەعبە بە تەواوی نامێنێت.
دیاردەی ستوونیبوونی خۆر بەسەر کەعبەدا ساڵانە دوو جار لە کاتی جووڵەی ظاهریی خۆردا لە نێوان هێڵی کەمەرەیی و خولگەی قرژاڵدا رودەدات، ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی شاری مەککەی پیرۆزەوەیە کە دەکەوێتە سەر هێڵی پانی 21.4پلەی باکوور.
لەم بارەیەوە، ئیبراهیم جەروان، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی گەردوونناسی ئیمارات و ئەندامی یەکێتی عەرەبی بۆ زانستەکانی بۆشاییگەری و فەلەک رایگەیاند: دیاردەی ستوونیبوونی ساڵانەی خۆر بەگشتی لە دوو کاتی دیاریکراودا رودەدات کە ئەوانیش کۆتایی مانگی ئایار (27 یان 28ی مانگ) لە کاتژمێر12:18ی نیوەڕۆ بە کاتی مەککە، وناوەڕاستی مانگی تەممووز (15 یان16ی مانگ) لە کاتژمێر12:27ی نیوەڕۆ.
لە چرکەساتی رودانی ئەم دیاردەیەدا، خۆر دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ئاسماندا و گۆشەکەی نزیکەی 90 پلە دەبێت (لە کاتی بانگی نیوەڕۆدا)، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سێبەری کەعبەی پیرۆز بە تەواوی نەهێڵێت، هاوکات سێبەری سەرجەم ئەو تەن و شتانەش کە لە مەککەدا بە پێوەن، تێکدەچێت و نامێنێت.
لە روی زانستییەوە، ساڵی مانگی(354.36 رۆژ) پێویستی بە نزیکەی 33 ساڵ (32.58 ساڵ) هەیە تاوەکو لەگەڵ ساڵی خۆریدا (365.24 ڕۆژ) هاوڕێک و هاوتا ببێتەوە.
بەپێی پێشبینییە فەلەکییەکان، ئەمساڵ ڕۆژی عەرەفە (9ی ذي الحجة 1447ی کۆچی) هاوکات دەبێت لەگەڵ 27ی ئایاری 2026، کە ئەمەش رێک یەکێکە لەو دوو بەروارەی خۆر تێیدا دەستوورێتە سەر کەعبە، بەمەش ئەم هاوکاتییە دەگمەنە بەدی دێت کە لە ساڵی 1993وە هاوشێوەی نەبووە.



