ئاژانسی "ئیرنا"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوە دیپلۆماسییە ئاگادارەکانەوە رایگەیاند، موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بە مەبەستی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، بەرەو تاران بەڕێکەوتووە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە نەقوی بۆ جاری دووەم لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا سەردانی ئێران دەکات، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر سەبارەت بە کارنامەی سەردانەکە یان ئەو دۆسیانەی بڕیارە گەنگەشە بکرێن، ئاشكرا بکەن.

ئەم سەردانە لە چوارچێوەی ئەو رۆڵی نێوەندگیرییەدایە کە پاکستان لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەیگێڕێت، بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ی شوباتی 2026وە بەردەوامە.

نەقوی پێشتر لە 16ی ئایاری ئەم مانگەدا سەردانی تارانی کردبوو، و لەوێ لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی ئەنجومەنی شورا، و وەزیرانی ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا دێن کە دانوستانەکانی نێوان هەردوولا تووشی چەقبەستوویی بوون، بە جۆرێک ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە پێشنیازەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن، ئەمەش لە ناوەڕاستی پەرەسەندنی هۆشدارییە سەربازییەکانی هەردوولادا.