پوتن و شی جینپینگ: هەوڵ بۆ سیستمێکی جیهانیی دادپەروەرتر دەدەین
سەوسەن سەید
٢٠ی ئایاری ٢٠٢٦
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا و شی جینپینگ سەرۆکی چین، جەختیان لەسەر هەوڵەکانیان کردەوە بۆ هێنانەکایەی سیستمێکی جیهانیی دادپەروەرتر و ژیرانەتر، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پاڵپشتییەکانیان بۆ پاراستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆکی چین رایگەیاند: لەگەڵ سەرۆکی روسیا گفتوگۆیەکی ستراتیژیمان سەبارەت بە چەندین پرسی جیاواز ئەنجامدا، ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ روسیا بۆ ئاستێکی نوێ بەرز دەکەینەوە و هەوڵ بۆ سیستمێکی جیهانیی دادپەروەرتر و ژیرانەتر دەدەین.
ئاماژەی بەوەش کرد کە: جیهانی ئەمڕۆ چیتر ئارام نییە و هەوڵدان بۆ هەژموونخوازیی تاکلایەنە هەیە، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان چین و روسیا گەیشتوونەتە ئاستێکی بێوێنە و بەردەوام لە گەشەسەندان.
سەرۆکی چین رونیشیکردەوە کە: چین و روسیا بە شێوەیەکی کاریگەر لە بواری وزەدا هاوکاریی یەکدی دەکەن و ئێمە بەردەوامین لە دابینکردنی وزە بۆ چین، جەختیشی کردەوە کە: ئامادەین بۆ هەناردەکردنی وزە بۆ بازاڕی چین بە شێوەیەکی جێگیر و بێ پچڕان.
لای خۆیەوە، سەرۆکی روسیا رایگەیاند: لەسەر بنەمای سوودی هاوبەش لەگەڵ چین کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی هاوبەشییەکەمان لە بواری کانزا سەرەکییەکاندا، و لە ئێستادا سەرجەم مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان روسیا و چین بە دراوە خۆماڵییەکان (نیشتمانییەکان) ئەنجام دەدرێن. وهۆشداریشی دا کە: مۆسکۆ و بەیجینگ پابەندن بە سیاسەتێکی دەرەکیی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، و پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوولا رۆڵێکی گرنگ لە سەقامگیریی گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەگێڕن، ئێمە لەگەڵ چین لە یەک بەرەدا راوەستاوین بۆ پاڵپشتیکردن لە پاراستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان.



