ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا داوای لێبوردنی لە دانیشتووانی پارێزگای دێرەزور کرد، ئەمەش بەهۆی ئەو لێدوانانەی کە باوکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دابووی و ببووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی توڕەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

شەرع لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری دێرەزور و ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی پارێزگاکە رایگەیاند: خەڵکی دێرەزور پێگەیەکی گەورەیان لەلای سەرجەم سوورییەکان هەیە و تەئکیدی کردەوە کە: خەڵکی دێر خۆشەویست و پشتوپەنا و تاجی سەر سەری ئێمەن.

سەرۆکی سوریا ئاماژەی بەوەش کرد: ئەو بێڕێزییەی بەرانبەر بە خەڵکی پارێزگاکە کراوە پێش ئەوەی ئازاری خەڵکی دێرەزور بدات، ئازاری کەسیی خۆی داوە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە مافەکانیان پارێزراوە و مێژوو و هەڵوێستە نیشتمانییەکانی خەڵکی دێرەزوور پێش وتەکان دەکەون و شایەتییان بۆ دەدەن.

رونیشیکردەوە: ئەوەی رویداوە لەوانەیە هەڵەیەک بووبێت یان بەهۆی بڕینی هەندێک رستە لە کاتی گفتوگۆکەدا بووبێت، بەناوی باوکی و بەناوی خۆیەوە داوای لێبوردنی لە خەڵکی پارێزگاکە کرد و قووڵایی خۆشەویستی خۆی بۆ دانیشتووانی دێرەزوور "چ لادێ و چ شار" دووپاتکردەوە.

شایانی باسە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سوریا رەخنەیەکی بەرفراوانیان لە باوکی سەرۆکی سوریا گرت دوای پەخشکردنی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی کە وەسفێکی تێدابوو، کە زۆرێک بە بێڕێزی بەرانبەر بە خەڵکی دێرەزوور لێکیان دایەوە.