كوردسات نیوز هۆكاری بڵاونەبوونەوەی راگەیەندراوەكەی وەفدی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبارەی سەردانەكەیان بۆ لای راگیراوانی لالەزار لە زیندانی كانی گۆمەی سلێمانی ئاشكرادەكات.

بەپێی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، بڕیاربوو ئەمڕۆ دەستەی مافەكانی مرۆڤ راگەیەندراوێك لەبارەی سەردانەكەی دوێنێی وەفدێكیان بۆ لای راگیراوانی لالەزار بڵاوبكاتەوە و تێیدا وتەی راگیراوان و رەوشیان لە ئاسایشی سلێمانی بۆ رای گشتی بخاتەڕوو، بەڵام بڵاوینەكردەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هۆكاری بڵاونەبوونەوەی راگەیەندراوەكەی دەستەی مافی مرۆڤ بۆ ناڕەزایەتی چەند لێپرسراوێكی ئەو دەستەیە دەگەڕێتەوە، كە ناڕەزایەتییان نیشاندابوو لە بڵاوبوونەوەی راستیی و دروستی وتەی ئەو راگیراوانە، ئەوەش ناكۆكی لەناو دەستەكە دروستكردووە و بووەتە هۆی ئەوەی راگەیەندراوەكە بڵاونەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی راگەیەندراوەكە ئامادەیە.

لەبەشێكی تری زانیارییەكاندا ئەوەشخراوەتەڕو، وەفدی دەستەی مافی مرۆڤ لە ئاسایشی سلێمانی بە جیا لەگەڵ راگیراوانی لالەزار كۆبوونەتەوە و بەبێ ئامادەبوونی هیچ كارمەندێكی ئەمنی، راگیراوانیش ئامادەییان نیشانداوە سوێندبخۆن كە لەژێر هیچ فشار و ترسێكدا قسەیان بۆ دەستەكە نەكردووە.