بی بی سی: ئەو قاچاخچیە کوردەی بە بەلەمی بچوک کۆچی نایاسایی رێکدەخست بۆ بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کرا
بڵند
١٩ی ئایاری ٢٠٢٦
کەناڵی بی بی سی بەریتانی رایگەیاند، ئاسایشی هەرێمی کوردستان قاچاخچیەکی کوردیان بە ناوی کاردۆ جاف دەستگیر کردوە، کە پێشتر لە رێگەی لێکۆڵینەوەیەکی وردی تۆڕی میدیایی بی بی سی ناسنامەکەی ئاشکرا کرابوو.
بی بی سی ئاماژەی بەوەکردوە، تۆڕە قاچاخچێتییەکەی ئەم تۆمەتبارە، کە ناوی راستەقینەی (کاردۆ جاف)ە و لەناو کۆچبەران و قاچاخچییەکاندا بە ناسناوی "کاردۆ رانیە" ناسراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی بی بی سی، گومان دەکرێت لە چەند ساڵی رابردوودا هەزاران کۆچبەری نایاسایی بە بەلەمی بچووک لە کەناڵی ئینگلیزەوە پهڕاندبێتەوە بۆ ناو بەریتانیا.
بی بی سی ئەوەشیخستوەتەڕوو، کاردۆ تەمەنی 28 ساڵە خەڵکی قەزای رانیەیە، چەندین ساڵە بە چەندین ناسناوی جیاوازەوە کاری کردوە و شاردنەوەی ناوی راستەقینەی، کارەکەی بۆ دەزگا ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان قورس کردبوو تاوەکو فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)ی بۆ دەربکەن.
هەفتەی رابردوو لەلایەن رۆژنامەنووسانی بی بی سیەوە پەردە لەسەر ناو و ناسنامەکەی لادرا و ئەمەش بوە کارئاسانی بۆ دەستگیر کردنی.
بی بی سی ئەوەشی خستوەتەڕوو، کاردۆ جاف لە ئێستادا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بەردەوامە، لە کاتی روبەڕووبوونەوەی لەلایەن میدیاکەوە، تۆمەتەکانی رەتکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو قاچاخچی نییە و تەنیا راوێژی بەو کەسانە داوە کە ویستوویانە عیراق بەجێبهێڵن.



