میدیاکانی سوریا: ئەحمەد شەرع هاوردەکردنی کاڵای ئیسرائیلی قەدەغەکرد
بڵند
١٩ی ئایاری ٢٠٢٦
لەسەر بنەمای پابەندبون بە یاساکانی بایکۆتکردنی ئیسرائیل ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا، مەرسموێکی نوێی گومرگی دەرکرد، کە بە تەواوی هاوردەکردن و بردنەژوورەوەی هەر جۆرە کاڵا و شمەکێکی ئیسرائیلی بۆ ناوخۆی وڵاتەکە قەدەغە دەکات.
میدیاکانی سوریا بڵاویانکردوەتەوە، سەرۆکی سوریا بە مەرسومێک هاوردەی کاڵای ئیسرئیلی بۆ وڵاتەکەی قەدەغەکردوە و لە مادەی (112)ی ئەم مەرسوومەدا هاتووە، کە هێنانەژورەوەی چەندین جۆر کاڵا بۆ ناوچەی ئازادی هاوبەشی نێوان سووریا و ئوردن قەدەغەیە.
بە تایبەت جەختکراوەتەوە لەو شمەکانەی، کە پێشێلی یاساکانی بایکۆتی ئیسرائیل و بنەماکانی ئاسایشی گشتی دەکەن.
هاوکات لە مادەی (206)ـی مەرسومەکەدا ئامەژەبەوەکراوە، کە دادگای گومرگی بە شێوەیەکی خێرا و دەستبەجێ حوکم لەو کەیسانەدا دەکات کە پەیوەندییان بە قاچاخچێتیی "ماددەی هۆشبەر، چەک و تەقەمەنی جەنگی، یان کاڵای ئیسرائیلییەوە" هەیە، بەبێ ڕەچاوکردنی بڕ و بەهای دارایی کەرەستە دەستبەسەرداگیراوەکان.
ئاژانسی سانا ئەوەشیخستوەتەڕوو، ئەم هەنگاوە یاساییە نوێیە وەک جەختکردنەوەیەک دێت لەسەر هەڵوێستی رەسمی و مێژویی دیمەشق، کە لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە پابەندە بە بڕیارەکانی کۆمکاری عەرەبی بۆ بایکۆتکردنی تەلئەبیب، بەو پێیەی یاساکانی سوریا هەر جۆرە پەیوەندییەکی بازرگانی، ئابوری یان وەبەرهێنان لەگەڵ ئیسرائیلدا قەدەغە دەکەن.



