فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێوەیەکی رەسمی دەستبەکاربوو و ئەرکەکانی لە وەزارەتی دارایی گرتەئەستۆ، ئەمەش دوای ئەوەی لە چوارچێوەی پێکهاتەی حکومەتی نوێدا متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا.

جێی ئاماژەیە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کۆدەنگی متمانەی بەخشییە فالح ساری وەک وەزیری دارایی لە کابینەی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.

وەرگرتنی ئەم پۆستە لەلایەن ساری لە کاتێکدایە، کە وەزارەتی دارایی رووبەڕووی چەندین مەلەفی گرنگی ئابووری و دارایی دەبێتەوە، کە دیارترینیان بەڕێوەبردنی مەلەفی مووچە، بودجەی گشتی و ئەو چاکسازییە داراییانەیە کە بە قۆناغی داهاتووەوە بەستراونەتەوە.