نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق لە رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەرپرسیارێتی نیشتمانیمان ئەمڕۆ داوامان لێدەکات بەردەوام بین لە گەڕان بەدوای روفاتی ئەو شەهیدانەی کە تائێستا لە گۆڕەبەکۆمەڵەکاندان و روفاتی پیرۆزییان  بگەڕێنینەوە بۆ کەسو کارو ئازیزانیان".

دەقی پەیامەکە...

لە رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا، بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە یادی شەهیدەکانمان و قوربانیانی دەستی ستەمکارانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەکەینەوە کە بە قێزەونترین تاوانی دژ بە پێکهاتە جیاکانی گەلەکەمان دادەنرێت.

بە دەیان هەزار کەس لە رۆڵەکانی گەلەکەمان لە لایەن دەزگا سەرکوتگەرەکانی رژیمی دیکتاتۆریەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک کرانە قوربانی و لە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە زیندوی ژێر خاک نران.

بەرپرسیارێتی نیشتمانیمان ئەمڕۆ داوامان لێدەکات بەردەوام بین لە گەڕان بەدوای روفاتی ئەو شەهیدانەی کە تائێستا لە گۆڕەبەکۆمەڵەکاندان و روفاتی پیرۆزییان  بگەڕێنینەوە بۆ کەسو کارو ئازیزانیان و خزمەتی زیاتر پێشکەش بە کەسوکاری شەهیدان بکەین و قەرەبوویان بکەینەوە، هاوکات هەلومەرجی ژیانی شکۆمەندانەیان بۆ دەستەبەر بکەین کە شایەنی قوربانی و ئازارەکانیان بێت.

نزار ئامێدی

سەرۆک کۆمار

١٦-٥- ٢٠٢٦