عەلی فالح زەیدی: قۆناغی داهاتوو دەبێتە سەردەمی هاوبەشیی ڕاستەقینە و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان
سەوسەن سەید
١٦ی ئایاری ٢٠٢٦
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ شەممە لە کاتی وەرگرتنی رەسمی پۆستەکەیدا رایگەیاند کە قۆناغی داهاتوو پێویستە قۆناغی هاوبەشیی راستەقینە و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان بێت، هاوکات بەڵینی دا بە کارکردنی دڵسۆزانە و ئیرادەیەکی راستگۆیانە روبەڕووی تەحەددییەکان ببێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرنامەی حکومەتەکەی ئامانجی بونیادنانی ئابوورییەکی نیشتمانیی بەهێز، هەمەجۆر و بەردەوامە، پێزانینی خۆشی بۆ هەڵوێستە ژیرانەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا دەربڕی.
زەیدی لە وتارێکدا لە میانی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونیدا، وتی: نیشتمان ئەمانەتێکی گەورە و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی پێسپاردووم، ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە ساتەوەختێکی هەستیاری مێژووی عیراقدا متمانەی بەخشیوە بە حکومەتەکەمان، ئەمەش داوای کارکردنی رژدمان لێدەکات لە پێناو ئێستا و داهاتووی عیراقییەکاندا.
سەرۆکوەزیران سوپاسی پەرلەمانی کرد بۆ بەخشینی ئەم متمانە نیشتمانییە و رایگەیاند کە ئەم متمانەیە پەیمان و پابەندبوونێکە لەبەردەم خودا، گەل و مێژوودا.
هەروەها سوپاسی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سیاسییەکانی کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت.
زەیدی ئاماژەی بەوە دا کە عیراق سەرەڕای هەبوونی سەروەت و سامانی زۆر، ماوەیەکی درێژە بەدەست قەیرانی ئابووری و خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت،
وتیشی: حکومەتەکەمان لە پێشەنگی کارەکانیدا دەستپێکردنی بەرنامەیەکی چاکسازیی گشتگیری ئابووری و دارایی داناوە، کە ئامانجی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتە تا تەنها پشت بە یەک سەرچاوە (نەوت) نەبەسترێت، بەڵکو کەرتەکانی دیکەش چالاک بکرێن.
جەختیشی لەسەر پاراستنی ماڵی گشتی و شەڕی دژ بە گەندەڵی کردەوە و وتی: گەندەڵی چیتر تەنها کەموکوڕییەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو بووەتە رێگر لەبەردەم گەشەپێدان و پێشکەوتنی دەوڵەتدا.
سەرۆکوەزیران بەڵینی دا کە دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و کەمکردنەوەی بێکاری لە پێشەنگی کارەکانیاندا دەبێت لە رێگەی دەستپێکردنی پڕۆژەی بەرهەمهێنان و گەشەپێدان، هاندانی وەبەرهێنان و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت وەک هاوبەشێکی سەرەکی، هاوکات کارکردن بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی دادپەروەرانە لە دابەشکردنی دەرفەتەکاندا دوور لە جیاکاری و خزمخزمێنە (محسوبیەت).
سەرۆکوەزیران باسی لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کرد و بەڵینی پاڵپشتییەکی ناوازەی دا لە رێگەی پەرەپێدانی مەنهەجەکان و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکان و گرنگیدان بە مامۆستایان.
سەبارەت بە کەرتی تەندروستیش رایگەیاند کە پلانێکی کرداری جێبەجێ دەکەن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، پەرەپێدانی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی دەرمان لە سەرجەم شار و گوندەکاندا.
زەیدی جەختی کردەوە کە دۆسیەی خزمەتگوزاری و ژێرخان نابێتە بارمتەی بەڵێنی دواخراو، بەڵکو دەبێتە مەیدانی کاری راستەقینە و پڕۆژەی ستراتیژی.
سەرۆکوەزیرانی نوێ ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتەکەی کار دەکات بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەریی عیراق، لەگەڵ بەهێزکردنی پەیوەندییە عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش. وتیشی: عیراق شایستەی ئەوەیە کەرامەتی بۆ بگەڕێتەوە و گەلەکەی بە سەربەرزی بژین.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، زەیدی پێزانینی قووڵی خۆی بۆ هەڵوێستە حەکیمانەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و رۆڵی لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا دەربڕی و سوپاسی سەرجەم دامەزراوە ئایینی و نیشتمانییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی عیراقی کرد،
وتیشی: رێگای چاکسازی رەنگە سەخت بێت بەڵام مەحاڵ نییە، ئێمە لەگەڵ ئێوە و لەنێو ئێوەدا دەبین و کار بۆ هەر ماڵێکی عیراقی و هەر گەنجێک دەکەین کە بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێت.



