وەزیری نەوتی عیراق: ئامانجمان زیادکردنی تواناکانی بـەرهەمهێنان و داخستنی دۆسیەی غازی سووتێنـراوە
سەوسەن سەید
١٦ی ئایاری ٢٠٢٦
باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عیراق، ئەمڕۆ شەممە، دووپاتی کردەوە کە کارە لەپێشینەکانی وەزارەتەکەی لە قۆناغی داهاتوودا خۆیان لە زیادکردنی تواناکانی بەرهەمهێنان، کۆتاییهێنان بە دۆسیەی غازی سووتێنراو و پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی نەوتدا دەبیننەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بارودۆخی ئێستا بەهۆی شەڕی ناوچەکەوە سەختە، کە بووەتە هۆی داخرانی دەروازەی باشووری وڵات بۆ هەناردەکردنی نەوت.
وەزیری نەوت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کاتی وەرگرتنی رەسمی پۆستەکەیدا، رایگەیاند: دیدگا و ستراتیژیی حکومەت جەخت لەسەر ئامادەیی سەرجەم کۆمپانیا بیانییەکان دەکاتەوە لە عیراقدا بۆ پشکداریکردن لە بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان، راهێنانی کادیرانی تەکنیکی و ئەندازیاری، و بونیادنانی باشترین ژێرخان بۆ کەرتی نەوت.
باسم محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد کە: عیراق سەرجەم پێکهاتە و بنەماکانی هەیە بۆ گەیشتن بە ئاستی پێشەنگایەتی لە بواری وزەدا، ئەمەش بەهۆی هەبوونی یەدەگێکی گەورەی نەوتی لە وڵاتدا.
رونیشیکردەوە کە حکومەت هەوڵدەدات سەرجەم پارێزگاکانی عیراق بکاتە پارێزگای بەرهەمهێنی نەوت بەمەبەستی بووژانەوەی واقیعی ئابوورییان.
وەزیری نوێ جەختی لەسەر شێوازی کارکردنی داهاتووی وەزارەتەکەی کردەوە و وتی: وەزارەتی نەوت لە رێگەی سەرجەم فەرمانگەکانییەوە کار لەسەر جێبەجێکردنی پلانە نەوتییەکان دەکات، بە جەختکردنەوە لەسەر دەستپاکی و شەفافیەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بەپێی بەرزترین پێوەرەکان.
وتیشی: وەزارەت بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە دۆسیەی گەندەڵی ناکات و رێگە بە مانەوەی کەسانی بێتوانا و ناکارامە نادرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وەزیری نەوت رونی کردەوە کە وەزارەت کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی حکومەت بەمەبەستی دابینکردنی داهاتی دارایی لە رێگەی چالاککردنی زیاتری کەرتی نەوت، دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم کێشەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای کارکردن.



