پزیشکیان بۆ پاپای ڤاتیکان: ئێران پابەندە بە دیپلۆماسییەت تەنانەت لەگەڵ ئەمریکاشدا
سەوسەن سەید
١٦ی ئایاری ٢٠٢٦
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ شەممە، دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوامە لە پابەندبوون بە رێبازی دیپلۆماسی و پەێڕەوکردنی چارەسەری ئاشتییانە، تەنانەت لەو بابەتانەشدا کە پەیوەندییان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هەیە.
پزیشکیان لە نامەیەکدا بۆ پاپای ڤاتیکان، رایگەیاندووە: ئێران هێشتا پابەندە بە دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانە، لەنێوانیشیاندا لەگەڵ ئەمریکادا.
سەرۆک کۆماری ئێران لە نامەکەیدا نووسیویەتی: سوپاسی هەڵوێستە ئەخلاقییەکانی ئێوە دەکەم سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە: ئەو قسانەی ترەمپ دەربارەی وێرانکردنی شارستانییەتەکەمان و گەڕاندنەوەمان بۆ سەردەمی بەردین، لە وەهمی هێزی رەهاوە سەرچاوەی گرتووە کە بنمایەکەی لەسەر خۆبەزلزانین و لووتبەرزییە.
پزیشکیان هۆکاری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی بۆ لایەنی بەرامبەر گەڕاندەوە و وتی: بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و بەکارهێنانیان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئێمە، هێزەکانمانی ناچار کرد کە بەرژەوەندییەکانی دەستدرێژیکاران بکەنە ئامانج.
جەختیشی کردەوە: مێژوومان شایەتی ئەوە دەدات کە ئێمە چوار کاتێک نەبووینەتە هەڕەشە بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی دراوسێکانمان، و هێشتاش خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ سەرجەم دراوسێکانماندا بۆ ژیان لەناو ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا».
سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی، سەرۆک کۆماری ئێران رونی کردەوە: ئاشکرایە کە دوای نەمانی دۆخی ناسەقامگیریی ئێستا، هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی؛ ئێران میکانیزمی چاودێریی پرۆفیشناڵ لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا جێبەجێ دەکات لەپێناو بەهێزکردنی ڕێوشوێنە هێمنەکانی هاتوچۆی کەشتیوانی».
پزیشکیان لە بەشێکی تری نامەکەیدا ئاماژەی بە پرۆسەی سیاسی کرد و وتی: ئێران پێشوازی لە ناوبژیوانیی پاکستان کرد و بە راستگۆیی و پیشەییبوونەوە چووە ناو دانوستانەکانەوە، سەرەڕای خیانەتی ئەمریکا لە مێزی دانوستان، خۆڕاگریی ئێران لە بەرامبەر داواکارییە نایاساییەکانی حکومەتی ئەمریکادا، بەرگریکردنە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەها مرۆییەکان.
هەروەها وتیشی کە چاوەڕوان دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گرتنەبەری رێبازێکی واقیعی و دادپەروەرانە، رووبەڕووی سیاستە مەترسیدارەکانی ئەمریکا ببێتەوە.
لە کۆتاییدا، پزیشکیان پێزانینی حکومەت و گەلی ئێرانی بۆ رێبازی پاپا کە لەسەر بنەمای ئاشتییەکی دادپەروەرانەیە دەربڕی و جەختی کردەوە: ئێران لەگەڵ پاراستنی مافی رەوای خۆی لە بەرگریکردن، هەمیشە بە پابەندی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەی ئاشتییانە دەمێنێتەوە».



