دوای 326 رۆژ لە دەریادا.. جێراڵد فۆرد کۆتایی بە درێژترین ئەرکی دەریایی دەهێنێت
سەوسەن سەید
١٦ی ئایاری ٢٠٢٦
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، رایگەیاند کە وەزیری بەرگری، پیت هیگسێت، ئەمرۆ شەممە، پێشوازی لە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهان دەکات لە کاتی گەڕانەوەیدا دوای کۆتاییهاتنی ئەرکێکی کورتخایەن کە 11 مانگی خایاندووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ماڵپەڕی هەواڵیی (USNI)ی سەر بە پەیمانگای دەریایی ئەمریکا کۆی کردوونەتەوە، ئەو ماوەیەی کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" لە دەریادا بەسەری بردووە و 326 رۆژ بووە، بە درێژترین ماوەی بڵاوەپێکردنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا دادەنرێت، هەروەها سێیەم درێژترین ماوەیە لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە.
درێژترین ماوەکانی بڵاوەپێکردن لە مێژوودا لە ساڵی 1973 دابو کاتێک کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "USS Midway" بۆ ماوەی 332 رۆژ لە ئەرکدا بوو، هەروەها لە ساڵی 1965 کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "USS Coral Sea" بۆ ماوەی 329 رۆژ لە ئەرکدا بوو، وکەشتیی "جێراڵد فۆرد" بۆ ماوەی 326 رۆژ لە دەریادا بوو.
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" بەشداریی لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا کرد کە بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا.
دواتر کەشتییەکە رووبەڕووی شەڕی زیاتر بووەوە، کاتێک لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوت.
هەروەها لە کاتی جێگیربوونیدا لە دەریای سووردا، کەشتییەکە تووشی روداوێکی ئاگرکەوتنەوە بوو، ئەمەش وایکرد بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە دەریای ناوەڕاستدا دووربکەوێتەوە.



