ترەمپ لەناوبردنی "پیاوی دووەم"ی داعشی لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە نێجیریا راگەیاند
سەوسەن سەید
١٦ی ئایاری ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی وڵاتەکەی و هێزە چەکدارەکانی نێجیریای ڕاگەیاند، کە تێیدا سەرکەوتووبوون لە لەناوبردنی "ئەبو بیلال ئەلمینۆکی" کە بە پیاوی دووەمی رێکخراوی "داعش" لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی جۆریدا لە ئەفریقا.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە رێگەی تروس سۆشیاڵ ەوە رایگەیاند: بە فەرمانی من، هێزە ئازاکانی ئەمریکا بە هاوکاری هێزە چەکدارەکانی نێجیریا، ئۆپەراسیۆنێکی ورد و زۆر ئاڵۆزیان بە سەرکەوتووییەکی تەواوەوە ئەنجامدا، بۆ لەناوبردنی مەترسیدارترین تیرۆریستی چالاک لە جیهاندا».
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەلمینۆکی" پێی وابووە دەتوانێت لە ناو کیشوەری ئەفریقادا خۆی حەشار بدات و مانۆڕ بکات، جەختیشی کردەوە کە هەواڵگری ئەمریکا سەرچاوەی وردی هەبووە کە چاودێری جووڵە و چالاکییەکانی کردووە.
وتیشی: ئەلمینۆکی چیتر ناگەڕێتەوە بۆ تیرۆرکردنی گەلانی ئەفریقا یاخود هاوکاریکردن لە پلاندانان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە هاووڵاتیانی ئەمریکی دەکەنە ئامانج.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە کوشتنی پیاوی دووەمی رێکخراوەکە، بە "گورزێکی گەورە و کوشندە" بۆ سەر چالاکییە جیهانییەکانی داعش دادەنرێت و بە شێوەیەکی بەرچاو توانای سەرکردایەتی و جێبەجێکردنی هێزەکانیان لاواز دەکات.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی حکومەتی نێجیریا کرد و ستایشی ئاستی هاوبەشی و هەماهەنگییە باڵاکەیانی کرد لە قۆناغەکانی پلاندانان و جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزەدا.



