لەکاتی هەورە بروسکەدا چۆن خۆمان بپارێزین؟
١٥ی ئایاری ٢٠٢٦
شارەزایەکی کەشوهەوا رێنمایی گرنگ و بەپەلە سەبارەت بە شەپۆلی هەورەبروسکە بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و نزیکبوونەوەمان لە وەرزی هاوین، ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکەی مەترسیدار و نزیک لە زەوی زیاتر دەبێت.
شاڵاو هیدایەت شارەزای کەشوهەوا رایگەیاند بەپێی پێشبینییەکان، ئەم رەوشە و بارانی ناوبەناو تاوەکو 22ی 5 بەردەوام دەبێت.
ناوبراو چەن رێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لەکاتی هەبونی هەورە بروسەکدا بڵاوکردوەتەوە و داوا دەکات پابەندی رێنماییەکان بن تا پارێزاوبن .
رێنماییەکان ئەمانەن؛
-پەنابردن بۆ شوێنی ئارام: دەستبەجێ بچۆنە ناو ماڵ، باڵەخانە یان ئۆتۆمبێلێکی سەقف داخراو. ئەگەر لەناو ئۆتۆمبێلدا بوون، دەست لە پارچە ئاسن و گەیەنەرەکان مەدەن.
-دوورکەوتنەوە لە شوێنە بەرزەکان: هەرگیز لەژێر درەخت، ستوونی کارەبا، لوتکەی گرد و شاخەکاندا نەمێننەوە.
-پاراستنی ناوماڵ: لەناو ماڵدا دەست بۆ ئاوی بەلۆعە مەبەن و پێوەری ئامێرە کارەباییەکان لە کارەبا بکەنەوە، هەروەها لە دەرگا و پەنجەرەکان دوور بکەونەوە.
-دوورکەوتنەوە لە کەرەستەی کانزایی: ئەگەر لە دەرەوە بوون، چەتر، مۆبایل و هەر ئامرازێکی تری کانزایی لە خۆتان دوور بخەرەوە.
-خۆپاراستن لە دەشتاییدا: ئەگەر لە دەشتاییەک بوون و هیچ حەشارگەیەک نەبوو، رانەکەن؛ بەڵکو وەک تۆپێک خۆت کۆبکەرەوە، سەرت دابخە و لەسەر پێ دانیشە (بۆ ئەوەی بەرکەوتنت لەگەڵ زەویدا کەمترین بێت).



