لە رێکارێکی ئەمنیی تونددا، بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری سیخوری،  دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا رێگەیان نەدا ئەو رۆژنامەنوس   و کەسانەی یاوەری دۆناڵد ترەمپ بوون، هیچ جۆرە دیاری و ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە چینەوە ببەنە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتییەوە.

ئێمیلی گودین، پەیامنێری رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، کە لەو گەشتەدا یاوەری دۆناڵد ترەمپی کردبوو رایگەیاند،  چەند خولەکێک پێش ئەوەی سەر فرۆکەکەی دۆناڵد ترەمپ بکەون و  پەکین جێبهێڵن، فەرمانیان پێکراوە تەواوی ئەو دیارییانەی پێیان بەخشراوە، مۆبایل و لاپتۆپەکانیان و تەنانەت دەرزییەکانی سەر یەخەیان رادەستی تیمە ئەمنییەکان بکەن.

شارەزایانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەم هەنگاوە لە ترسی چاندنی ئامێری سیخوڕی و پرۆگرامی هاککردن بووە لەلایەن حکومەتی چینەوە، بۆیە بڕیاردراوە ئەو کەلوپەلانە بە فڕۆکەیەکی جیاواز بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەمریکا بە مەبەستی پشکنین و دواتر رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێتەوە.