حەج و عومرەی کوردستان: نزیکەی چوار هەزار هاووڵاتی بۆ بەجێهێنانی حەج گەیشتونەتە سعودیە
بڵند
١٥ی ئایاری ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، پرۆسەی چوونی هاووڵاتیانی هەرێم بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، بەردەوامە و تا ئێستا نزیکەی چوار هەزار هاووڵاتی گەیشتونەتە سعودیە.
کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ هەینی، 15ی ئایاری 2026 نزیکەی چوار هەزار هاووڵاتیی هەرێم بە سەلامەتی گەیشتوونەتە وڵاتی سعودیە و لە شاری مەککە نیشتەجێ کراون.
کاروان ستونی ئاماژەی بەوەشکردوە، باری تەندروستی هەموو حاجیان جێگیرە و گەشتە ئاسمانییەکانیش بەپێی ئەو خشتەیەی بۆیان دانراوە بەبێ گرفت بەڕێوەدەچن.
ناوبراو راشیگەیاند، بڕیارە تاوەکو رۆژی 17-5-2026 دوا کاروانی هاووڵاتیانی هەرێم بگەنە سعودییە بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج.
لە رووی خزمەتگوزاریی و پێداویستییەکانەوە، وتەبێژی حەج و عومرە جەختی کردوەتەوە، باشترین ئاسانکاری و خزمەتگوزاری لە هەموو روەکانەوە بە خواردنیشەوە پێشکەش بەو هاووڵاتیانە دەکرێت.



