هێڵی ئاسمانیی عیراقی گەشتەکانی نێوان سلێمانی و ئیستەنبوڵ دەستپێدەکاتەوە
بڵند
١٥ی ئایاری ٢٠٢٦
سبەینێ شەممە، هێڵی ئاسمانی عیراقی گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانییەوە بۆ ئیستەنبوڵ دەستپێدەکاتەوە
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە رێگەی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی خۆیەوە رایگەیاند، هێڵی ئاسمانى عیراقى گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ وڵاتی تورکیا دەستپێدەکاتەوە.
بەپێی ئەو خشتەیەی کە لەلایەن کۆمپانیاکەوە ئاڕاستەی فڕۆکەخانە کراوە، بڕیارە لە سبەینێ شەممە، ڕێکەوتی 16ی ئایاری 2026 گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان هێڵی (سلێمانی-ئەستەنبوڵ-سلێمانی) بە رەسمی دەستپێبکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران گەشتە ئاسمانییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا راگیرا بوو، رۆژی پێنجشەممە لە فڕۆکەخانەی بەغدادەوە گەشتەکان دەستیان پێکردەوە و بڕیارە سبەینێش لە سلێمانی بە هەمانشێوە دەستپێبکاتەوە.



