بڕیارە هەفتەی داهاتوو ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی روسیا، سەردانێکی رەسمی بۆ چین ئەنجام بدات، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ کۆتایی بە سەردانە دوو رۆژەکەی ۆ ئەو وڵاتە هێنا.

بە گوێرەی میدیاکانی چین، سەردانی سەرۆکی روسیا، بۆ چین تەنها یەک رۆژ دەخایەنێت و بڕیارە 20ـی ئەم مانگە بگاتە پەکین.

 سەردانەکەی پوتن، دوای کۆبوونەوە مێژووییەکەی نێوان شی جین ‌پینگ، سەرۆکی چین و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە پەکین دێت، کە تێیدا تاوتوێی چەندین دۆسیەی گرنگی وەک شەڕی ئێران، بازرگانی و پرسە جیۆپۆلەتیکییەکان کرابوو.

پێشتر کۆشکی کرملین رایگەیاندبوو، کە ئامادەکارییەکان بۆ سەردانی سەرۆکی روسیا بۆ چین کۆتاییان هاتووە و ئەم گەشتە لە "داهاتوویەکی زۆر نزیکدا" ئەنجام دەدرێت.

میدیاکان بە گرنگییەوە دەڕواننە ئەم سەردانەی پوتن، چونکە نیشاندەری هەوڵەکانی پەکینە بۆ بەڕێوەبردن و راگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە هاوتهریبەکانیدا لەگەڵ واشنتن و مۆسکۆدا.

 چاودێرانیش پێ پێیانوایە، ئەم جووڵە دیپلۆماسییە خێرایەی پوتن، ئاماژەیەکی رونە بۆ بەردەوامیی هەماهەنگییە نزیک و ستراتیژییەکانی نێوان مۆسکۆ و پەکین لە بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهاندا