رۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ چین مۆبایلە تایبەتەکەی بەکارنەهێناوە، وبە ئەگەرێکی زۆرەوە پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە واشنتنەوە بڵاودەکرانەوە.

ترەمپ و تەواوی ئەندامانی شاندی ئەمریکا رێنمایییان پێدرابوو کە مۆبایلە تایبەتەکانیان بەکارنەهێنن، ئەوەش بەهۆی مەترسیی هاککردن.
 کۆشکی سپی بۆ ڕۆژنامەکە پشتڕاستی کردەوە کە ترەمپ لەناو خاکی چیندا دەست بۆ مۆبایلە تایبەتەکەی نەبردوە.

نیویۆرک پۆست ئاماژەی بەوە کردووە کە چالاکییەکانی ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتی سەردانەکەیدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردبوو.

جەختیشیکردەوە: کارمەندانی ئیدارەی ئەمریکا کە یاوەری سەرۆک بون، مۆبایل و ئەژماری ئیمێڵی کاتیان بەکاهێناوە.

رۆژنامەکە وتیشی: هەموو ئامێرە ئەلیکترۆنییە تایبەتەکانی بەرپرسانی ئەمریکا لەناو "قەفەسی فارادای"دا (Faraday cages) هەڵگیراون، کە دەیانپارێزێت لە شەپۆلە کارۆموگناتیسییە دەرەکییەکان. ئەم ئامێرانە لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی "ئێر فۆرس وەن"دا پارێزراوبون و تەنها دوای گەڕانەوەیان دەستیان پێیان دەگاتەوە.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی نێوان 13بۆ 15ی ئایار سەردانی چینی کرد، و ئەمڕۆ هەینی دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ "شی جین بینگ" ئەنجامدا و دواتر خاکی چینی جێهێشت.