فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) رووبەڕووی هۆشدارییەکی توندی کۆمەڵێک زانا و پسپۆڕی نێودەوڵەتی بووەوە؛ پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە رێکارە خۆپارێزییەکانی ئێستای فیفا بەس نین بۆ پاراستنی یاریزانان و هاندەران لەو شەپۆلە گەرمایە توندەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە کاتی بەڕێوەچوونی مۆندیالی 2026 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک روبدات.

لە نامەیەکی کراوەدا کە 20 پسپۆڕ لە ناوەندە توێژینەوەکانی ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و ئوسترالیا واژۆیان کردووە، ئاماژە بەوە کراوە کە پڕۆتۆکۆڵەکانی ئێستای فیفا، کە پشت بە پشووی کورت (3 خولەک) و پێوەری (WBGT) بۆ پێوانەکردنی فشاری گەرمی دەبەستێت، چیتر لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوادا ناگونجێن.

پسپۆڕان داوای گرتنەبەری ڕێکاری توندتر دەکەن، لەوانە راگرتن یان دواخستنی یارییەکان کاتێک پێوەری فشاری گەرمی 28 پلەی سەدی تێدەپەڕێنێت، لە جیاتی ئەو پێوەرەی ئێستا کە 32 پلەیە. و زیادکردنی کاتی فێنکبوونەوە بۆ لانی کەم 6 خولەک، بۆ دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی چالاکی بۆ یاریزانان، وباشترکردنی سیستەمی فێنککەرەوە لەناو یاریگاکان و دابینکردنی شوێنی سێبەری فراوان بۆ هاندەران.

توێژینەوە نوێیەکان داتای مەترسیداریان خستووەتە روو، بەو پێیەی 14یاریگا لە کۆی 16 یاریگا روبەڕووی پلەی گەرمی بەرز دەبنەوە.

شاری میامی لە سەرووی لیستی ئەو شارانەدایە کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە، چونکە مۆدێلە کەشوهەواییەکان پێشبینی دەکەن هەموو ئەو یارییانەی لەوێ ئەنجام دەدرێن، ئاستی رێپێدراوی فشاری گەرمی تێپەڕێنن. 

هەروەها راپۆرتەکە هۆشداری داوە لە مەترسیی هاوشێوە کە هەڕەشە لە یاری کۆتایی دەکات لە یاریگای "میتلایف" لە نیوجێرسی.

هۆشدارییەکان تەنها لایەنی وەرزشییان نەگرتووەتەوە، بەڵکو سەدان هەزار هاندەریش دەگرێتەوە. زانایان جەختیان کردەوە کە بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لەناو یاریگاکان و شوێنە کراوەکاندا رووبەڕووی کێشەی تەندروستی مەترسیدار دەبنەوە، ئەمەش پێویستی بە زیادکردنی وێستگەکانی ئاو و سەنتەرەکانی چاودێری پزیشکی بەپەلە هەیە.

لای خۆیەوە، فیفا دووپاتی کردەوە کە سەلامەتی بەشداربووان "لە پێشینەی کارەکانە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە مەترسییە کەشوهەواییەکان لە چوارچێوەی پلانە کارگێڕییەکانیدا، لەگەڵ هێشتنەوەی دەرگای گۆڕانکاری لە رێکارەکاندا کراوە بەپێی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە لە 11ی حوزەیرانی 2026.