عراقچی: ئێران توانی بیسەلمێنێـت کـە هێزێکی کاریگەرە لــە ناوچەکەدا
سەوسەن سەید
١٥ی ئایاری ٢٠٢٦
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، جەختی کردەوە کە ئێران توانیویەتی وەک هێزێکی کارا و یاریزانێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا خۆی بسەلمێنێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە جەنگی دوایی خاڵێکی وەرچەرخان بوو کە پێگەی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرزکردەوە.
عراقچی جەختیکردوە کە: ئێران توانای خۆی بۆ روبەڕووبوونەوەی گەورەترین هێزەکان سەلماند، ووڵاتانی گرووپی "بریکس" (BRICS) دوای شکستی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا، ئێستا بە چاوێکی جیاوازەوە سەیری ئێران دەکەن.
ئاماژەی بەوەکرد کە: هەموو وڵاتان دان بەوەدا دەنێن کە ئێران لە جەنگەکەدا سەرکەوتوو بوو و توانی ئیرادەی خۆی بسەپێنێت و ئامانجەکانی دوژمنانی پووچەڵ بکاتەوە.
لەمیانی قسەکانیدا عراقچی بە توندی باسی لە هەڵوێستی ئیمارات کرد و وتی: ئیمارات لە جەنگەکەدا لەپاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل وەستاوە، زانیاری ورد و بەڵگەی روونمان لەبەردەستە کە ئەوە دەسەلمێنن، وئێران تەنها ئەو ئامانجە ئەمریکییانەی پێکاوە کە لە خاکی ئیماراتدا بوون.
عراقچی ئاشکرایکرد: نەماندەویست ئەم بابەتانە بخەینە روو لەپێناو پاراستنی یەکڕیزی گرووپی "بریکس"، بەڵام بەهۆی ئەوەی نوێنەری ئیمارات باسی کرد، ئێمەش ناچار بووین راستییەکان ئاشکرا بکەین. وئامۆژگاری ئیماراتمان کردووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن ئاسایشی بۆ دابین بکەن؛ باشترە ئیمارات سیاسەتی خۆی بەرامبەر ئێران بگۆڕێت، چونکە ئێمە دوو دراوسێین و مێژوو و داهاتوویەکمان پێکەوە بەستراوەتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا عراقچی وتی: ئاسایش دەبێت لە رێگەی هاوکاری نێوان وڵاتانی ناوچەکە بەدەست بهێنرێت، نەک بە پشت بەستن بە هێزە بیانییەکان.



