وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند کە هیچ هۆکارێک بۆ بەردەوامبوونی ململانێکان لە ئێراندا نەماوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی چین بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: ئەم ململانێیەی کە هەرگیز نەدەبوو روبدات، هیچ پاساوێکی بۆ بەردەوامبوون نییە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: گەییشتن بە چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەم دۆخە، لە بەرژەوەندی هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و تەواوی جیهاندایە.

و جەختیشی کردەوە: چین هەمیشە لەو بڕوایەدا بووە کە دیالۆگ و دانوستان باشترین رێگەن و چارەسەری سەربازی هەرگیز رێگەچارە نییە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە چین بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی زیاتر بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئەمریکا.