نزار ئامێدی رایگەیاند، دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر کابینەی نوێ، هەنگاوێکی دەستوری زۆر گرنگە بەرەو چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی لە عیراق.

نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی عیراق لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر کابینەی وەزاری، وێستگەیەکی نیشتمانیی یەکلاکەرەوە و هەنگاوێکی دەستووریی زۆر گرنگە بەرەو چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی، بەهێزکردنی ئاسایش و سەروەریی عیراق، و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی ئێستا و بەدیهێنانی شایستەکان.

لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، پیرۆزبایی لە برامان "عەلی زەیدی" و خانم و بەڕێزان وەزیرەکان دەکەین بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران و هیوادارین لە نزیکترین کاتدا کابینەی وەزاری تەواو بکرێت، بەشێوەیەک کە دەستپێکردنێکی کارا لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عیراق دەستەبەر بکات.